Thursday, January 19, 2006

داخستنی رۆژ تی ڤی ده‌رده‌كانی توركیه ده‌رمان ناكات

هه‌ر ده‌نگێكی كوردی نیشانه‌ی ئیراده‌ی تاقمێكی له‌خۆبوردووه كه هه‌وڵیان تێكه‌ڵه به هاواری پڕ له ئێشی گه‌له‌گه‌یان و له‌م ناوه‌دا ده‌نگی رۆژ تی ڤی كه تا ئێستا چه‌ند جار به هۆی ته‌قه‌للای بێ‌هووده‌ی ئه‌ستێره له شانه‌كانی توركه‌وه هه‌وڵی داخستنی دراوه، ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه ئازادیی ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه‌ی به زمانی دایكی خۆی نییه!
پڕئاشكرایه كه له گه‌مه‌ی دیموكراسیی به شێوه‌ی توركی‌دا، كه‌س مافی " نه " وتنی به سیاسه‌تی دابه‌ش‌كردنی ئینسانه‌كان و ده‌ره‌جه‌به‌ندییان به یه‌ك و دوو نییه! ئێستا ئیتر بۆ هه‌ر خوێندكارێكی سه‌ره‌تاییش ئاشكرابووه كه ده‌وڵه‌تی تورك و دارێژه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته بچووك‌ترین بڕوایان به داهێنانی دونیایه‌كی بێ‌كاره‌سات نییه و هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشینیان له پێناو یه‌ك‌ده‌ست كردنی ئه‌وزاع‌دا هه‌یه كه ئه‌مه گاڵته‌یه به بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئه‌نجام‌ده‌رانی ئه‌بێ مه‌حكووم بكرێن! كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه بوونه‌ته " شاكی " و داوای خنكاندنی هه‌قێقه‌ت ئه‌كه‌ن!
منیش وه‌كوو مامۆستایه‌كی كوردی رۆژهه‌ڵات ده‌نگی خۆم و خوێندكاره‌كانم ئه‌خه‌مه پاڵ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه بڕوایان به ئازادیی ده‌ربڕین هه‌یه و هه‌وڵه‌ ترسنۆكه‌كانی توركییه بۆ داخستنی رۆژ تی ڤی هاوكات كه شه‌رمه‌زار ئه‌كه‌ین، پێی پێئه‌كه‌نین و به خۆمانه‌وه شانازی ئه‌كه‌ین كه وه‌زنمان هێنده قورسه!
سه‌لاح عیلمی‌زاده
مه‌ریوان

elmizadeh@gmail.com